کونسوڵخانەی چین لە هەولێر روونکردنەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە دەدات
وێستگەنیوز-
کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەولێر روونکردنەوە لەسەر گیانلەدەستدانی خوێندکارێکی کوردی قۆناغی دکتۆرا لە وڵاتەکەی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، تیمێکی تایبەت لە زانکۆ و دەزگا ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە پێکهێنراوە.
وتەبێژی کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، درەنگانی شەوی 8ی ئەم مانگە ئاگادار کراونەتەوە لەوەی محەمەد سەعدەدین هادی، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن بە رووداوێکی خنکان گیانی لەدەستداوە، و دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەستیپێکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کونسوڵخانەی گشتی گرنگییەکی تەواو بەم پرسە دەدات و راستەوخۆ پەیوەندی بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەیەوە کردووە بۆ دەستکەوتنی وردەکاریی زیاتر، هەروەها دەسەڵاتی ئاسایشی گشتیی ناوخۆیی و زانکۆکە بەپەلە تیمێکی تایبەتمەندیان بەپێی یاسا و رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە دامەزراندووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین لە پەیوەندییەکی بەردەوام و نزیکدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە پەکین، و هەر کە لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان هات تەواوی زانیارییەکان بۆ رای گشتی دەخرێنەڕوو.
هاوکات کونسوڵخانەکە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات رێز لە تایبەتمەندیی کۆچکردوو و بنەماڵەکەی بگرن و لە بڵاوکردنەوەی هەر خوێندنەوە و گریمانەیەکی پشتڕاستنەکراوە دووربکەونەوە، لە هەمان کاتدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی مرۆیی پێویست بۆ کەسوکاری کۆچکردوو تا بتوانن گەشت بۆ چین بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم رووداوەدا.
محەمەد سەعدەدین هادی مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە بوو، بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئۆشیان لە هەرێمی شاندۆنگی چین نیشتەجێ بوو، رۆژی سێشەممە 08-09-2026 تەرمەکەی لەو هەرێمە دۆزرایەوە و تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بەردەوامن.
AM:11:01:10/09/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت