بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی ماڵان قەدەغە کرا
وێستگەنیوز –
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات.
بەپێی نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە لە ڕێکەوتی 3ـی ئەیلولی 2026 دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لەگەڵ کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان قەدەغەیە.
دەشڵێت، ئەم بڕیارە بە ئامانجی پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندیی ئەو کرێکارانەیە، تاوەکو وێنە و ڤیدیۆکانیان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان بۆ مەبەستی بازرگانی ئەلیکترۆنی یان وەک ناوەڕۆکێک لە سۆشیال میدیا بەکارنەهێنرێت.
لە نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی نابێت جیاوازی نەتەوە، زمان و جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی کەرامەتی ئەو کرێکارانە، وێنە و ڤیدیۆی کرێکاران نابێت ببێتە کەرەستەی ڕیکلام، گاڵتە، یان ناوبانگ دروستکردن لە سۆشیال میدیا.
پاراستنی مافی کرێکار تەنها بە پارەدان نییە، بەڵکو پاراستنی شکۆ و تایبەتمەندییان مافێکی سەرەکییە، نابێت کرێکار ناچار بکرێت بە ئەنجامدانی هیچ کارێک وەک وێنەگرتن کە لە ناو گرێبەستەکەیدا نییە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە، ڕێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکەن.
PM:07:25:08/09/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت