هەرێم چاوەڕێی بەغدایە بۆ دابەشکردنی نەوتی ماڵان
وێستگەنیوز-
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردووە بە مەبەستی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا و لە ئێستاشدا چاوەڕێی رەزامەندی و ناردنی نەوتەکەیە لە لایەن بەغداوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم، هەر کاتێک بەغدا نەوتی پێویست دابین بکات، پرۆسەی دابەشکردن دەستپێدەکات و لە قۆناغی یەکەمیشدا ناوچە شاخاوییەکان و ساردەکان سوودمەند دەبن.
بڕیارە لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بڕی 200 لیتر نەوت بە هەر خێزانێک بدرێت، کە نرخەکەی بە 105 هەزار دینار دیاری کراوە و تێچووی گواستنەوەشی لەسەرە.
هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی یەک بەرمیل نەوت بۆ هەر خێزانێک، پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، لە کاتێکدا ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی دوو بەرمیل دابەش دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزینی 450 دیناری و سووتەمەنی، دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە 14%ی نەوتی خاوی ناوخۆیی عێراق (کە دەکاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا) بدرێتە هەرێم، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە 14%ی بەنزین و سووتەمەنی دابینکراوی عێراق بۆ هەرێم تەرخان بکرێت، لە بەرانبەر ئەمەدا هەرێم ئامادەیی نیشانداوە 50 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم نووسراوە فەرمییەی هەرێم کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە دەیانووت هەرێم ئامادە نییە نەوت رادەست بکات، شێروانی ئەوەشی خستە روو کە تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ پێشنیازێکی فەرمیی نەداوە و تەنانەت وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە لە ئێستادا ناتوانێت سووتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی کورد یەکگرتوو بن بۆ وەرگرتنی مافی هاووڵاتییان، تاوەکو هاوشێوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، سووتەمەنی بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەست خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە بە وتەی ئەو، ئێستا کێشەی بەنزینە و لە زستانیشدا کێشەی نەوتی سپی بۆ دروست دەبێت.
AM:11:56:07/09/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت