مەزڵوم عەبدی: هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری بڕیارێکی واقیعی بوو بۆ پاراستنی کورد


وێستگەنیوز-

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و راوێژکاری ئێستای سەرۆکایەتی کۆماری سوریا بۆ کاروباری کورد، لە چاوپێکەوتنێکی فراواندا تیشکی خستە سەر وەرچەرخانە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی خۆبەڕێوەبەری.


مەزڵوم عەبدی ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە دۆخی ئێستا وەک خەونی کورد نییە، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری "پێویستییەکی واقیعی" بوو بۆ پاراستنی کورد لە مەترسی لەناوچوونی یەکجاری، ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵدا کورد رووبەڕووی هەڕەشەی توند ببووەوە، بەتایبەت دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا.

بە وتەی عەبدی، سێ هۆکاری سەرەکی وایکرد کورد پەنا بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا بەرێت:

یەکەم: کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان و تەنها مانەوەی تیمی دیپلۆماسییان.

دووەم: رێگریکردن لە شەڕێکی خوێناوی کە دەبووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.

سێیەم: پەیامێکی فەرمی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە تێیدا جەختی لە چارەسەری کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق کردبووەوە.

راوێژکارەکەی سەرۆکایەتی سوریا ئەو رەخنانە رەتدەکاتەوە کە رێککەوتنەکە بە "تەسلیمبوون" ناودەبەن و دەڵێت: "ئەمە گواستنەوەیە لە قۆناغی کارکردنی سەربەخۆوە بۆ قۆناغی بەشداریکردن لە دەوڵەتدا"، هاوکات دان بەوەدا دەنێت کە کورد دەرفەتەکانی 15 ساڵی رابردووی وەک پێویست نەقۆستووەتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی.

دوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە 25ی مانگی رابردوودا، عەبدی ئاماژەی بە دروستبوونی بۆشاییەکی سیاسی کرد و رایگەیاند ئەگەری هەیە پارتێکی نوێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دابمەزرێت، سەبارەت بە تورکیاش وتی، لە 10ی ئاداری 2025ـەوە ئاگربەست هەیە و ئامادەیە بۆ هەر سەردانێک کە خزمەت بە کورد بکات، بەڵام هەر جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل رەتکردەوە.

لەبارەی بژێوی ژیانەوە، عەبدی باسی لەوە کرد کە دوای ئەوەی دیمەشق دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا گرتووەتەوە، پاڵپشتی دارایی بۆ نان و سووتەمەنی بڕاوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بەردەوامە. بڕیاریشە لە 2 بۆ 3 مانگی داهاتوودا لیژنەی نووسینەوەی دەستوور پێکبهێنرێت بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکان و خوێندن بە زمانی کوردی.

لە کۆتاییدا، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە هەموو ئامانجەکان نەهاتوونەتەدی، بەڵام دڵخۆشە کە چیتر خوێنی گەنجان لە جەنگدا ناڕژێت و ئەم قۆناغە بە دەستپێکی خەباتێکی نوێ لە ناو دەوڵەتی سوریادا دەزانێت.


PM:03:16:06/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت