داخستنی ئۆفیسەکانی کۆڕەک تیلیکۆم کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدینیشی گرتەوە
وێستگەنیوز-
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رێکارە یاساییەکانی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم فراوانتر کرد و سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکەی لە 3 پارێزگەی دیکە داخست.
بەپێی زانیارییەکان، نووسینگەی ناوچەی باکووری دەستەی راگەیاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی، هەڵمەتێکیان بۆ داخستنی بنکە و ئۆفیسەکانی کۆمپانیای کۆڕەک لە پارێزگەکانی کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین دەستپێکردووە.
لە کەرکووک، رێکارەکان ناوچەکانی (ئاڵماس، شەقامی کۆماری و شەقامی پارێزگە)یان گرتووەتەوە، هەروەها لە پارێزگەی نەینەوا، چەندین سەنتەری کۆمپانیاکە لە ناوچەکانی (النور، کۆمەڵگەی رۆشنبیری، سومەر، مووسڵی نوێ و دەواسە) داخران.
ئەم هەنگاوە درێژەپێدەری ئەو رێکارە مەیدانییانەیە کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەدایە کە پێشتر لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک دەرچوون، پێشتریش رێکارەکان لە بەغدا، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە، بابل و چەند پارێزگەیەکی دیکەی عێراق جێبەجێ کرابوون.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تیمەکانیان بەردەوام دەبن بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی هەمەلایەنەی بڕیارە رێکخستنییەکان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان.
PM:01:24:06/09/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت