لە کەلار تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە بە 6 ئەکاونتی ساختە هەڕەشەی لە ئافرەتان دەکرد


وێستگەنیوز-

بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە ئامێرەکانی پەیوەندی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان بەکارهێناوە.


تۆمەتبارەکە ناوی (ا - د)ە و تەمەنی 21 ساڵە، دانیشتووی شاری کەلارە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ناوبراو بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی ئافرەتان دەستگیرکراوە.

دوای پشکنینی مۆبایلەکەی، دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە 6 هەژماری جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تیکتۆک و سناپچات بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە و فشاری خستووەتە سەر قوربانییەکان.

عەقیدی پۆلیس سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل راگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

هەروەها پۆلیسی گەرمیان داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە ئەگەر بەهۆی ئەو تۆمەتبارەوە زیانیان پێگەیشتووە یان سکاڵایان هەیە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکەن بۆ وەرگرتنی رێکارە یاساییەکان.


PM:12:11:06/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت