پارتی چاکسازی تورکمان: تورکمان نەتەوەی دووەمی هەرێمە و رێگە نادەین پێکەوەژیان تێکبدرێت


وێستگەنیوز-

رۆژی رابردوو 5ی ئەیلوولی 2026، پارتی چاکسازی تورکمان لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی، نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر ئەو هێرشانە دەربڕی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێنە سەر پێکهاتەی تورکمان و جەختی لەسەر پاراستنی گیانی پێکەوەژیان کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشێکی نابەرپرسانە دەکرێتە سەر هاوڵاتیانی تورکمان، کە ئامانج لێی ناشیرینکردن و سڕینەوەی شوناس و مێژووی ئەم نەتەوە رەسەنەیە، ئاماژە بەوەش کراوە کە تورکمان دووەمین نەتەوەیە لە دوای کورد لە هەرێمی کوردستان و مافەکانیان لە یاسا بەرکارەکان و دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنراوە.

پارتی چاکسازی تورکمان تیشکی خستووەتە سەر ئاستی ئازادی پێکهاتەکان لە هەرێم و رایگەیاندووە: "پێکهاتەکان زۆر بە ئازادانە گوزارشت لە بیروڕای خۆیان دەکەن، نوێنەریان لە پەرلەمان و حکومەتدا هەیە، هەروەها خوێندن بە زمانی تورکمانی لە چەندین قوتابخانەدا فەراهەم کراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێم لە ئاستێکی زۆر باشدایە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە رێزگرتن لە جیاوازییەکان بنەمای سەقامگیرییە و پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان ئەرکێکی هاوبەشە، داواش لە لایەنە سیاسییەکان، دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کراوە کە بەرپرسانە مامەڵە بکەن و نەبنە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی هەرێمی کوردستان لە یەکتر.


AM:11:45:06/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت