هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی گەنم دەکات؛ وردەکاری رێکارەکان بڵاوکرایەوە
وێستگەنیوز-
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی نوێی بۆ کڕینەوە و هەناردەکردنی گەنمی جوتیاران خستە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەوە پرۆسەی هەناردەکردن بۆ دەرەوە دەستپێبکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی رایگەیاند، بۆ پاراستنی مافی جوتیاران و رێکخستنی بازاڕ، 3 رێکاری کارگێڕی بۆ وەرگرتن، کڕینەوە و هەناردەکردنی زیاتر لە 800,000 تەن گەنم گیراونەتەبەر، کە پرۆسەکە بەسەر 3 قۆناغدا دابەش دەبێت:
قۆناغی یەکەم: لە نێوان مانگی حوزەیران تا 19ی تەمووز، بڕی 387,000 تەن گەنم لەلایەن حکومەتەوە وەرگیراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر بەغدا پشکی هەرێمی بە 400,000 تەن دیاریکردبوو.
قۆناغی دووەم: کڕینەوەی 200,000 تەن گەنمی ماوە سپێردراوە بە 2 کۆمپانیای ناوخۆیی، کە بڕیارە لە ماوەی 1 مانگدا بە نرخی 400,000 دینار بۆ هەر تەنێک لە جوتیارانی بکڕنەوە.
قۆناغی سێیەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی 245,000 تەن گەنمی ماوە بۆ دەرەوەی وڵات. ئەم پرۆسەیە لە رێگەی 11 کۆمپانیای رێگەپێدراوەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ پاڵپشتی پرۆسەکەش، کۆمپانیاکان لە باجی گومرگی و مەرجی مۆڵەتی بازرگانی تایبەت بەخشراون، بڕیاریشە لەم هەفتەیەوە پرۆسەکە دەستپێبکات.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم هەنگاوانە ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستکردنی متمانەیە لای بازرگانانی بیانی، جەختیشی کردەوە کە ئەو بڕە گەنمەی هەناردەی دەرەوە ناکرێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنرێت.
AM:10:32:06/09/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت