مەزڵوم عەبدی: ئامانجمان جیابوونەوە لە سوریا نییە و زمانی کوردی هێڵی سوورە


وێستگەنیوز ـ

مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی سوریا ڕایگەیاند، کورد نایەوێت قەوارەیەکی جیاواز لە سوریا دروست بکات، بەڵکو دەیانەوێت وەک پێکهاتەیەکی دامەزرێنەر مافەکانیان لە دەستووری نوێدا مسۆگەر بکەن و جەختیشدەکاتەوە کە زمانی کوردی هێڵی سوورە.


ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هەسەدە و ڕاوێژکاری ئێستای سەرۆکی سوریا، لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ میدیایەکی تورکی ڕایگەیاند: ئامانجی کورد لە سوریا دروستکردنی قەوارەیەکی جیاواز نییە، بەڵکو دەمانەوێت وەک پێکهاتەیەکی دامەزرێنەر بە ناسنامەی تایبەتی خۆمان لە وڵاتەکەدا بمێنینەوە و دەبێت مافەکانمان لە دەستووری نوێی سوریادا بە پارێزبەندییەکی یاسایی جێگیر بکرێن.

سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە، عەبدی وتی: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، کۆتایی و سەرەتایەک دەبێت لە یەک کاتدا.

ئاشکراشی کرد، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تێکەڵبوونەکە، لە دیمەشق وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەستبەکار دەبێت و ئەرکی سەرەکی دۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد ئیلهام ئەحمەد بە مەرسومێکی کۆماری وەک ئەندامی پەرلەمانی سوریا دیاری کراوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی سوریا تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و وتی: پڕۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا دەبێت.


PM:09:21:05/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت