بە بەشداری 465 مامۆستا؛ پرۆسەی دەستنیشانکردنی رێبەرانی حەجی ساڵی 2027 دەستیپێکرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی سەرتاسەری بۆ 465 مامۆستای ئاینی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دیاریکردنی رێبەرانی ئاینی بۆ حاجیانی وەرزی حەجی ساڵی 2027.


کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پرۆسەی تاقیکردنەوەکەی بە شێوەی وزاری و لە یەک کاتژمێردا لە سەرانسەری هەرێم بەڕێوەبردووە. ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە دەستنیشانکردنی شایستەترین مامۆستایانە بۆ ئەوەی بچنە ناو تیروپشکێکەوە، کە تێیدا بۆ هەر وەرزێکی حەج 31 رێبەر دیاری دەکرێن.

بەپێی وتەی وتەبێژی حەج و عومرە، تاقیکردنەوەکە لە سێ بنکەی سەرەکی ئەنجامدراوە:

بنکەی هەولێر: تایبەت بە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران.

بنکەی سلێمانی: بۆ مامۆستایانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان.

بنکەی دهۆک: بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ.

سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتن، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە بەشداربووان لەسەر میلاکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف بن و وەک پێشنوێژ و وتارخوێن کار بکەن، هەروەها تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 60 ساڵدا بێت. ئەم پرۆسەیە ساڵانە ئەنجام دەدرێت بۆ زامنکردنی باشترین خزمەتگوزاریی ئاینی و رێنماییکردنی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا.


PM:02:41:05/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت