بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری هەولێر: داوای لێبوردن لە ستافی شانۆیی "پیانۆ" دەکەم و دەتوانن لەمڕۆوە نمایش دەستپێبکەنەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دەنگۆی راگرتنی شانۆیی "پیانۆ" لە شاری هەولێر کاردانەوەی لێکەوتەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هەولێر روونکردنەوەیان دا و رایانگەیاند کە کێشەکە چارەسەر کراوە و نمایشەکە بەردەوام دەبێت.


ئەمڕۆ شەممە 5ی ئەیلوولی 2026، نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راگرتنی شانۆکە تەنها پەیوەندی بە پۆستەرەوە نەبووە، بەڵکو کێشەکە لەوەدا بووە کە وەزارەتی رۆشنبیری بودجەی کارەکەی لە ئەستۆ گرتووە و شوێنی بۆ دابین کردوون، بۆیە دەبوو ناوی وەزارەت لەسەر بانگێشتنامەکان هەبێت، کە ئەوەش بەشێک بووە لە رێککەوتنی نێوان هەردوولا.

وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، ستافی شانۆییەکە دوو جۆر بانگێشتنامەیان چاپ کردووە کە یەکێکیان لۆگۆی وەزارەتی لەسەر نەبووە، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەبێ کێشە نمایش بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لێبوردنی لە ستافی تیپی شانۆیی "پیانۆ" کرد و رایگەیاند، دەرگاکانی شانۆ لە هەولێر کراوەن و ستافی شانۆییەکە دەتوانن هەر ئەمڕۆ نمایشەکەیان ئەنجام بدەن.

پێشتر ستافی شانۆیی "پیانۆ" لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردبوو، بەهۆی نەبوونی لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەسەرەوەی پۆستەر و بانگێشتنامەکان، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بڕیاری راگرتنی نمایشەکەیان دراوە، ئەوان جەختیان کردبووەوە کە ئەوە تەنها "هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەیشتنێکی بێ مەبەست بووە".

شانۆیی "پیانۆ" لە نووسین و دەرهێنانی شوان کەریمە و رۆژی 15ی تەمووز لە شاری سلێمانی دەستی بە نمایش کرد، بڕیار وابوو ئەمڕۆ یەکەم رۆژی نمایشی بێت لە هەولێر، کە پاش روونکردنەوە نوێیەکان، کێشەکانی بەردەم نمایشەکە کۆتاییان هات.


PM:01:02:05/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت