بەهۆی پیسبوونی هەوا؛ مالیزیا باری نائاسایی راگەیاند
وێستگەنیوز-
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا بۆ قۆناغێکی مەترسیدار، دەسەڵاتدارانی مالیزیا باری نائاسایییان لە بەشێکی وڵاتەکەیان راگەیاند و رێکاری توندیان بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی گرتەبەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، شا سوڵتان ئیبراهیم رەزامەندی لەسەر راگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەی "سەریان" لە ویلایەتی ساراواک دەربڕیوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە پێوەری پیسبوونی هەوا لەو ناوچەیە گەیشتە ئاستی 521، کە ئەمەش مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر تەندروستی گشتی.
سەرچاوەی ئەم تەمومژە ژەهراوییە بۆ ئەو ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانانە دەگەڕێتەوە کە دارستانەکانی ئەندۆنیزیای دراوسێی گرتووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی کالیمانتان و سوماترا، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە چڕتر بوونەتەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە رۆژی دووشەممەوە لانی کەم تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو، 647 قوتابخانە لە ناوچەی سەریان دادەخرێن، جگە لەوەش، تەواوی فەرمانگە حکومی و تایبەتەکان، پرۆژەکانی بیناسازی و کانییەکان کارەکانیان رادەگرن و تەنها خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بەردەوام دەبن.
دۆگلاس ئوگا ئیمباس، سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ساراواک، داوای لە هاوڵاتیان کردووە چالاکییەکانی دەرەوە کەم بکەنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنی "چاندنی هەورەکان" بۆ دروستکردنی بارانی دەستکرد دەستیپێکردووە و بۆ چەند رۆژێکی دیکە بەردەوام دەبێت بە ئامانجی پاککردنەوەی هەوا.
کاردانەوەی ئەم تەمومژە تەنها مالیزیای نەگرتووەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە وڵاتانی تری وەک فلیپین، برۆنای و سەنگاپوورە، لە فلیپین، سەرۆک فێردیناند مارکۆس جونیۆر فەرمانی راگرتنی خوێندنی لە مانیلای پایتەخت و 10 پارێزگای تر دەرکردووە، لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ئەندۆنیزیا رایانگەیاندووە کە 112 کەسیان بە گومانی تێوەگلان لە دروستکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەستگیر کردووە.
زانایانی کەشناسی هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە لەم مانگەدا پلەکانی گەرما زیاتر بەرز ببنەوە، ئەمەش مەترسیی بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوەکان و خراپتربوونی کوالێتی هەوا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر دەکات.
AM:11:57:05/09/2026
ئهم بابهته 52
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت