رەحمان غەریب: راگرتنی نمایشی شانۆیی "پیانۆ" دەرئەنجامی سیاسەتێکە کە نیشتمانی بە ئاسۆیی و ستوونی دابەش کردووە
وێستگەنیوز-
رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ مافی رۆژنامەنووسان، هێرشی توند دەکاتە سەر وەزارەتی رۆشنبیری حکومەت، ئەوەش لە دوای بڕیاری راگرتنی شانۆیی "پیانۆ" لە شاری هەولێر.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ سەبارەت بەو بڕیارە رایگەیاند، دامەزراوەکانی هەرێم وەک "دورگەی لەیەکتری دوور و کانتۆنی لێکترازاو" رەفتار دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دامەزراوەکان پەیوەندییەکانیانی لاواز کردووە و بوونەتە هۆکارێک بۆ برەودان بە ناوچگەری و دابەشبوونی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی.
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی شانۆییەکە، رەحمان غەریب روونی کردەوە کە تیمی شانۆیی "پیانۆ" (کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند شوان کریم-ە) لەلایەن بریکاری وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ئاگادارکراونەتەوە کە نمایشەکەیان رابگرن و دیکۆرەکانیان کۆبکەنەوە، ئەوەش وەک سزایەک لەپای ئەوەی ناوی وەزارەت لە شوێنێکی نەگونجاوی ریكلام و دەعوەتنامەی شانۆییەکەدا دانراوە.
رێکخەری سەنتەری میترۆ جەختی کردەوە کە ئەم رێگرییە پەیوەندی بە هەڵەی تەکنییکییەوە نییە، چونکە هەڵەکە راستکراوەتەوە، بەڵکو ئەمە "دەرئەنجامی سیاسەتێکە کە نیشتمانی بە ئاسۆیی و ستوونی دابەش کردووە".
لە کۆتایی وتەکانیدا رەحمان غەریب ئاماژەی بەوە کرد، راگرتنی نمایش گەورەترین سزایە و نەدەبوو وەزارەت پەنا بۆ توندترین سزا ببات لە کاتێکدا رەزامەندی ئوسوڵی هەبووە، وتیشی: "ئەمەی کردوویانە، نمایشکردنی دەموچاوێکی ناشرینی دووکەرتکردنی حزبیی وەزارەتەکانی هەرێمە لە بری نمایشکردنی شانۆییەکە".
AM:09:49:05/09/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت