میدیای تورکی کات و شوێنی چەکدانانی پە*کە*کە لە هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد
وێستگەنیوز-
میدیای تورکیا زانیاری نوێیان لەبارەی پلانێکی نزیک بۆ کشانەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نەفەسی تورکی، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گەریلاکانی پەکەکە سەرجەم کەمپ و پێگە و ئەشکەوتەکانیان لە حەفتا و دوو خاڵی جیاوازی ناوچەکانی مەتینا و حەفتانین و زاپ و ئاڤاشین و باسیان بە تەواوی چۆڵ بکەن.
ئەم پڕۆسەیە بە جۆرێک ڕێکخراوە کە سەرەتا پەکەکە زانیارییە وردەکان لەبارەی پێگە سەربازییەکان و کۆگاکانی چەک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، پاشان دەزگای هەواڵگری تورکیا کە بە میت ناسراوە ڕاپۆرتێکی تایبەت لەو بارەیەوە ئامادە دەکات و بۆ بڕیاردانی کۆتایی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەکات تاوەکو ڕێکارەکان تەواو بکرێن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، نزیکەی سێ هەزار و هەشت سەد ئەندامی پەکەکە کە لە هەژدە کەمپی جیاوازدا نیشتەجێن، بڕیارە چەکەکانیان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان ڕادەست بکەن، کە ناوچەکانی ئامێدی و کانی ماسێ لە پارێزگای دهۆک و بناری قەندیل و کۆیە لە پارێزگای هەولێر و هەروەها هەردوو ناوچەی ڕانیە و سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای تەواوبوونی ئەم هەنگاوانە و پشتڕاستکردنەوەی پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، ڕێگە بە ئەندامانی پەکەکە دەدرێت بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و ناو خاکی تورکیا.
PM:03:20:04/09/2026
ئهم بابهته 588
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت