زانکۆی سلێمانی چووە ناو کتێبی گینسەوە
وێنە: د.كۆسار محهمهد عهلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ بڕوانامەی گینس
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026، لە رێوڕەسم و کۆنفرانسێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فەرمیی کتێبی پێوانەیی گینس، ناوی زانکۆی سلێمانی بە فەرمی لەو کتێبە جیهانییەدا تۆمار کرا.
ئەم دەستکەوتە گەورەیە دوای ئەوە دێت کە زانکۆی سلێمانی پڕۆژەی (گەورەترین رستەی بەدرەختچێنراو)ی لە جیهاندا ئەنجامدا، لە پڕۆژەکەدا بە بەکارهێنانی 6000 بۆ 8000 نەمامی جۆری "مۆرد"، رستەی زانکۆی سلێمانی بە شێوازێکی هونەری و ئەندازیاری نەخشێنراوە، بە جۆرێک لە ئاسمانەوە بە روونی دەبینرێت.
پڕۆژەکە جگە لە لایەنە زانستی و جیهانییەکەی، وەک هەنگاوێکی گرنگی ژینگەیی بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی و جوانترکردنی سیمای شاری سلێمانی ئەژمار دەکرێت، نەمامەکان لە جۆری "مۆرد" هەڵبژێردراون چونکە لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە دەگونجێن و بەدرێژایی وەرزەکان بە سەوزی دەمێننەوە.
دروستکردنی ئەم رستە دارستانییە ئەنجامی هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن بوو کە بە بەشداریی بەردەوامی قوتابیان، مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆ لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا جێبەجێ کرا.
تۆمارکردنی ناوی زانکۆی سلێمانی لە کتێبی گینس، وەک شانازییەکی گەورە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت کە توانیویانە لە تەک پێشڕەوییە زانستییەکان، لە بواری پاراستنی ژینگەشدا ریکۆردی جیهانی بشکێنن.
AM:10:33:03/09/2026
ئهم بابهته 896
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت