تۆڕی هاوپەیمانی 19: فەرمانی گرتن بۆ 13 کەس بەهۆی تابلۆی کوردی و خۆپیشاندان دەرچووە
وێستگەنیوز-
تۆڕی هاوپەیمانی 19 کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە سەرپەرشتی دەکرێت، نوێترین زانیاری لەسەر بارودۆخی شاری خانەقین بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئەنجامنەدان و هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەکان، رێکارە یاساییەکان دژی هاوڵاتیانی شارەکە بەردەوامە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ 31ی ئابی 2026، خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازانە دژی سیاسەتی تەعریب و پێشێلکردنی ماددەی 140 لە خانەقین بەڕێوەبچێت، بەڵام رێکخەرانی چالاکییەکە بەیانی ئەمڕۆ رایانگەیاند کە خۆپیشاندانەکەیان هەڵپەساردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم تۆڕە، کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 13 کەسی دیکە دەرچووە، یەکێک لە حاڵەتە سەرنجڕاکێشەکانی دەستگیرکردنیش پەیوەندی بە هاوڵاتییەکەوە هەیە کە تەنها بەهۆی ئەوەی نووسراوی سەر تابلۆی دوکانەکەی لە زمانی عەرەبییەوە گۆڕیوە بۆ زمانی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەکات دەستبەجێ سەرجەم دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و رێز لە مافی ئازادی رادەربڕینی هاوڵاتیان بگیرێت، کە دەستووری عێراق و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان وەک مافێکی سەرەکی چەسپاندوویانە.
هاوکات رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە داوا لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن، بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان ئەنجام دەدرێن.
جێی ئاماژەیە، تۆڕی 19 لە کۆمەڵێک رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ پێکهاتووە و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەکات، کار بۆ چەسپاندنی پرنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییەکان دەکات.
PM:03:34:31/08/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت