حزبە کوردستانییەکانی خانەقین: پێویستە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان ئازاد بکرێن


وێستگەنیوز-

حزبە کوردستانییەکان لە خانەقین، جەبارە، مەندەلی و قەرەتەپە، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر بارودۆخی شارەکە و دواخستنی خۆپیشاندانەکان خستەڕوو، داوایان کرد سەرجەم دەستگیرکراوان و چالاکوانان ئازاد بکرێن.


لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بڕیاری دەستەی سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکە دەردەبڕین بۆ هەڵپەساردنی کاتیی چالاکییەکان، تا ئەو کاتەی شاندی نوێنەرایەتی خانەقین دەگاتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆدەبێتەوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوەکە تەنیا لەپێناو پاراستنی ئارامی و گیانی هاوڵاتیاندایە، چونکە بەپێی زانیارییەکان، رێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی گردبوونەوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون و مایەی دڵنیایی نەبوون بۆ خەڵک.

حزبە کوردستانییەکان جەختیان کردەوە کە جۆش و خرۆشی خەڵک بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانییانەی ناوچەکە پەیامێکی روون بوو، کە پێشێلکردنی ماددەی 140 و فەرامۆشکردنی مافە دەستوورییەکان مەترسیی گەورەن، داواشیان لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد بە زووترین کات بەدەم داواکارییە رەواکانی خەڵکەوە بێن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو دەستگیرکراوان دەکەین و جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی گرتن بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و گەنجان دەکەینەوە، چونکە بەشداریی ئەوان تەنیا دەربڕینی داواکاری دەستووری بووە بە رێگەی ئاشتییانە و مەدەنی".

لە کۆتاییدا حزبە کوردستانییەکان سوپاسی خۆراگریی جەماوەری خانەقین و ناوچەکانی دیالەیان کرد و رایانگەیاند کە سەرجەم رێگە دەستووری و یاساییەکان دەگرنەبەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە.


PM:12:13:31/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو