وەزیری پەروەردە: 20 ملیۆن کتێب چاپکراوە و سبەی مامۆستایان پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە دەکەن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 31/8/2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پلانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی مامۆستایان دەکات.


وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، نزیکەی 20 ملیۆن کتێبی نوێی پڕۆگرامی خوێندن چاپکراون، کە تا ئێستا 90%ی گەیشتوونەتە کۆگاکان و پێشبینی دەکرێت تا 10/9/2026 زیاتر لە 99%ی کتێبەکان بەردەست بن، هەروەها باسی لەوە کرد کە 264 کۆنتێنەری کەلوپەل و هەزاران مێزی نوێ بۆ قوتابخانەکان دابینکراون.

وەزیر رایگەیاند، سبەی سێشەممە 1ی ئەیلوول، مامۆستایان پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە دەکەن و پرۆسەیەکی فراوانی راهێنان دەستپێدەکات کە 19 رۆژ دەخایەنێت، هەر مامۆستایەک بۆ ماوەی 5 بۆ 6 رۆژ راهێنان لەسەر بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت، بۆ ئاسانکاریش، هەر مامۆستایەک نیشتەجێی دەرەوەی شار بێت، دەتوانێت لە نزیکترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەشداری خولەکە بکات.

بۆ ئەمساڵ 32 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە ئامادەکراون کە بەم شێوەیە دابەشبوون: (8 لە سلێمانی، 8 لە هەولێر، 8 لە دهۆک، 2 لە گەرمیان، 2 لە زاخۆ و 1 لە راپەڕین)، سەبارەت بە سوتەمەنیش، نووسراوی فەرمی بۆ دابینکردنی نەوت ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە کرد، دیزاینی جلوبەرگی خوێندکاران گۆڕدراوە و نرخەکەی لە ساڵانی رابردوو هەرزانترە، جەختیشی کردەوە کە هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا بۆ ئەم مەبەستە نەکردووە، بڕیاریش دراوە داهاتی حانوتی قوتابخانەکان بۆ خودی قوتابخانەکان خەرج بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، وەزیری پەروەردە ریفۆرم لە خوێندنی پیشەیی و جێبەجێکردنی سیستەمی ئینگلیزی وەک هەنگاوێکی گرنگی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان ناوبرد.


AM:11:06:31/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو