مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: 31ـی ئاب خیانەتێکی گەورە بوو، پێویستە ڕێڕەوی حوکمڕانی ڕاست بکرێتەوە


وێستگەنیوز –

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، 31ـی ئاب خیانەتێکی گەورە بووە و برینێکی قووڵی لە مێژووی گەلی کورددا جێهێشتووە، جەختیش لە پێویستی گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێم دەکاتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر کارەساتی 31ـی ئابدا تێدەپەڕێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەخت لە لایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە و بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان داگیرکرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەو ڕووداوە تەنها 6 ساڵ دوای ڕاپەڕین و ئازادی بووە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانی یەکێتی و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، جگە لە بێسەروشوێنکردنی دەیان تێکۆشەر کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

یەکێتی لە پەیامەکەیدا هەروەها ڕایگەیاندووە: لەبەر خاتری گەلەکەمان و ئایندەی کوردستان، بڕیارماندا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و ناسۆرەکانی ڕابردوو بۆ حوکمی مێژوو جێبهێڵین، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قۆناغێکی ئاوەدانی و پێکەوەیی لە هەرێمی کوردستاندا.

لە پەیامەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ لەپێناو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانیدا، پێویستمان بە شەراکەت و خزمەتی دادپەروەرانە هەیە بۆ ئەوەی قەرەبووی ناخۆشییەکانی ڕابردوو بکرێتەوە و هەرێمێکی پتەو بێتە کایەوە کە دەرەقەتی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بێت.



PM:07:59:30/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو