قاسم ئەعرەجی: چەکی پێشمەرگە دەستوورییە و داماڵینی چەک تەنها گرووپە نایاساییەکان دەگرێتەوە
وێستگەنیوز -
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە نوێترین لێدوانیدا جەخت لە شەرعییەتی هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتەوە و دەڵێت، پڕۆسەی داماڵینی چەک تەنها ئەو گروپانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور و یاسادان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە و چەکەکانیان بە تەواوی لە چوارچێوەی دەستووردان و ئەوان وەک پاسەوانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا چەسپێنراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵێک هەیە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان، بەڵام بڕیاری حکومەت بۆ هێشتنەوەی چەک بەدەست دەوڵەتەوە، تەنها ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە فەرمی نین و لە دەرەوەی دامەزراوەکان کار دەکەن.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کرد، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کە بڕیارە لە 30ـی ئەیلوولی داهاتوودا بێت، دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان جددیتر بن تا چەک تەنها لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.
جەختیشی کردەوە کە ئەمە بە واتای پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا نایەت، بەڵکو هاوکارییە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ واشنتن بەردەوام دەبێت.
قاسم ئەعرەجی ڕایشیگەیاند، بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لەسەر خاکی عێراق نایاساییە، بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە، ئەو بارودۆخانەش کۆتاییان دێت کە بوونە هۆی هێنانی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق.
PM:07:03:30/08/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت