وەزیری سامانە سرووشتییەکان: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم چوار ئەوەندەی عێراقە و گرفتی بەنزین هەیە
وێستگەنیوز-
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و تێچووەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ئێستادا بەرهەمی نەوتی هەرێم رۆژانە لە نێوان 200 بۆ 220 هەزار بەرمیلدایە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر جیاوازی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا و وتی: "تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە عێراق 4 دۆلارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو تێچووە دەگاتە 16 دۆلار".
سەبارەت بە پێداویستی ناوخۆیی و گرفتی سووتەمەنی، کەمال محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا بۆ ناوخۆ تەرخان دەکرێت بڕێکی کەمە و بەشی پێداویستییەکان ناکات، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 115 هەزار بەرمیل نەوت هەیە تا بەشی بەکارهێنانی ناوخۆیی بکات، بۆیە پێویستە بەغدا بڕی نەوتی هەرێم زیاد بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لە گرفتی کەمی بەنزین کرد و رایگەیاند، بڕی بەنزینی بەردەست بەراورد بە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆر کەمە، هاوکات جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتی بەنزین بکەن و بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان کەم بکەنەوە.
PM:12:02:29/08/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت