سامانە سرووشتییەکانی هەرێم بۆ بەغدا: 50 هەزار بەرمیلەکە بنێرن یاخود نەوتی خاو بۆ هەرێم زیاد بکەن


وێستگەنیوز-

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکاری نوێی سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە دوو پێشنیازی فەرمییان داوەتە بەغدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئابی 2026، شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەردانی بەغدای کرد، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتەکە و د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە هاونیشتمانیانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەنزینیان بە نرخی 450 دینار پێبگات.

بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکرایان کرد کە دوو پێشنیازیان داوەتە لیژنە پەیوەندیدارەکان:

پێشنیازی یەکەم بریتییە لە رادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغدا، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراق بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.

پێشنیازی دووەمیش بریتییە لە زیادکردنی بڕی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان، تاوەکو پاڵاوگەکانی ناوخۆ بتوانن رێژەی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاد بکەن و نرخەکەی دابەزێنن.

د. غەزال هۆستانی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 6 بۆ 7 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 140 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، وتیشی: "بەپێی دەستوور و یاسا، دانیشتوانی هەرێم 14٪ی کۆی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، بۆیە مافی خۆمانە سودمەند بین لەو بودجەیەی حکومەتی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی تەرخانی کردووە".

سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانیش، بەرپرسانی وەزارەتەکە روونیان کردەوە کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 16 دۆلارە، ئەگەر حکومەتی عێراق هاوکارییەکان دابین بکات، دەتوانرێت بە خێرایی نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ 450 دینار داببەزێنرێت.

جگە لە پرسی بەنزین، شاندەکەی هەرێم لە بەغدا پرسی دابینکردنی نەوتی سپی ماڵانیشیان تاوتوێ کردووە و داوایان کردووە وەک مافێکی رەوا، نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکرێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هیواخوازە ئەم پێشنیازانە لە لایەن بەغداوە پەسەند بکرێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکەی بە کردەیی دەربکەوێت.


PM:03:47:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو