وەزارەتی دارایی هەرێم: پلەبەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران لە بودجەی 2027دا جێگیر دەکرێت


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانیاری نوێ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەخاتە روو و جەخت دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە.


ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە نێو بودجەی ساڵی 2027ی عێراقدا جێگیر دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەموو وەزارەتەکان تاوەکو رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2026، لیستەکانیان رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن بۆ ئەوەی مافەکانیان لەگەڵ بەغداد مسۆگەر بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لە دوای کۆتایی ساڵی 2015 و سەرەتای 2016ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پلەبەرزکردنەوەیان راگیرابوو، سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنەکەش، ماکوان جەمیل روونیکردەوە کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی پلە 10 تاوەکو پلە 4 لە ناو خودی وەزارەتەکاندا ئەنجام دەدرێت، بەڵام پلەکانی 3 تاوەکو 1 لە چوارچێوەی میلاکاتی وەزارەتی داراییدا بەڕێوەدەچێت.

لە ئێستادا لە سەرجەم فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان لیژنەی تایبەت بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران پێکدەهێنرێت، هەر فەرمانبەرێک شایستەی یەک پلە یان زیاتر بێت بۆی دەبەسترێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی ناونیشانی وەزیفی و زیادبوونی بڕی مووچەکانیان.

وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە پێویستە خشتەکان پێش وادەی دیاریکراو ئامادە بکرێن تاوەکو هیچ گرفتێکی یاسایی و دارایی بۆ فەرمانبەران دروست نەبێت.


AM:10:35:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو