نێچیرڤان بارزانی: ستایشی دیدگای حەکیمانەی ئەحمەد شەرع و هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی دەکەم
وێستگەنیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی خۆی بۆ پڕۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە سوپای سوریا دەربڕی و بە پێشهاتێکی گرنگ بۆ ئایندەی ناوچەکە ناویکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: پێشوازی لەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکەم کە لە پڕۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە هێزەکانی حکومەتی سوریا و ئەو هەنگاوانەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان نراون، بەدەستهاتووە.
سەرۆکی هەرێم ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەبینێت و داوا لە سەرجەم لایەنە کوردییەکان و پێکهاتەکانی تری سوریا دەکات پشتیوانی لەم پڕۆسەیە بکەن و بەشداری لە سەرخستنیدا بکەن.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ستایشی تایبەتی دیدگەی حەکیمانەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکەم.
هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کرد لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەدا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئومێدی خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە سوریا کە تێیدا مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان پارێزراو بن و وڵاتەکە بەرەو ئاشتی، ئاسایش و بوژانەوەی زیاتر هەنگاو بنێت.
PM:09:50:26/08/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت