بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین سبەی شاندێکی باڵای هەرێم دەچێتە بەغدا
وێستگەنیوز-
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی سووتەمەنی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی بەنزین، سەردانی بەغدا بکەن.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەردانەکەی شاندی هەرێم تایبەتە بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لیژنە کاتییەی پەرلەمان کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، تاوەکو لەڕێگەی گفتوگۆوە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دابینکردنی بەنزین و پێداویستییەکانی ناوخۆ بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد: وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە پشکی نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ زیاد ناکەن و وتوویەتی ناتوانن سووتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تێبینی و داواکارییەکانی هەرێم لەبارەی پشکی سووتەمەنی دەخاتە ڕوو.
لە بەرامبەردا، لیژنە پەرلەمانییەکە جەخت لە پرسی دادپەروەری دەکاتەوە و دووپاتی دەکەنەوە کە دەبێت هاوشێوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو، بەشە سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستانیش بەبێ جیاوازی دابین بکرێت.
PM:04:20:26/08/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت