لە هەولێر بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و قوربانی لێکەوتەوە


وێستگەنیوز-

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2026، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگەی سەرەکی (هەولێر – کەسنەزان – کۆیە) لە نزیک ماجدی لاند روویدا، بارهەڵگرێک کە لە ئاراستەی کۆیەوە بەرەو ناو شاری هەولێر دەهات، کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بە توندی خۆی بە چەند ئۆتۆمبێلێکدا کێشا.


هێمن حەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بارهەڵگرەکە خۆی بە 7 ئۆتۆمبێلدا کێشاوە و بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە 4 ئۆتۆمبێلیان ئاگریان گرتووە و سووتاون، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا گومان دەکرێت قوربانی لە ژێر ئۆتۆمبێلەکاندا مابێت، بۆیە تیمەکان بە وردی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە سووتاوەکان دەکەن.

سەبارەت بە چارەنووسی شۆفێری بارهەڵگرەکە، شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر روونیکردەوە کە شۆفێرەکە نەسووتاوە و بریندار نییە، لە ئێستاشدا لەلایەن پۆلیسی کەسنەزانەوە دەستگیرکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سامان سەلمان، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر پشتڕاستیکردەوە کە کارمەندێکی هاتووچۆ لە کاتی رووداوەکەدا بریندار بووە.

لە بارەی ژمارەی قوربانییەکانەوە، زانیارییەکان جیاوازن؛ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە سەرەتادا ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی 4 کەس کرد، بەڵام بەرگری شارستانی باس لە گیانلەدەستدانی 1 کەس دەکات، هاوکات چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

تیمەکانی بەرگری شارستانی و هاتووچۆ لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پاککردنەوەی رێگەکە و دڵنیابوونەوە لە ژمارەی کۆتایی قوربانییەکان، کە بەهۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکانەوە پرۆسەی ناسینەوەی قوربانییەکان کاتی پێویستە.


PM:12:35:26/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت