مەسعود بارزانی: پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی تاوانی ئەنفالی بادینان بکاتەوە
وێستگەنیوز-
لە یادی 38 ساڵەی شاڵاوە دڕندانەکانی ئەنفال لە ناوچەی بادینان، ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئابی 2026، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلکارییانە بکاتەوە کە بەرانبەر گەلی کوردستان ئەنجامدراون.
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە درێژەی زنجیرە تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراقدا، لە ماوەی نێوان 25ی ئابی 1988 تاوەکو 6ی ئەیلوولی 1988، هەڵمەتێکی نامرۆڤانە دژی ناوچە و گوندەکانی دەڤەری بادینان بەڕێوەچوو، لەو ماوەیەدا تاوانەکانی وەک کیمیابارانکردن، گرتن، کوشتن، راگوێزانی زۆرەملێ و ئەنفال دژی هاووڵاتییانی بێتاوان ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کۆمەڵکوژکردن و بێسەروشوێنبوونی هەزاران کەس و وێرانکردنی سەدان گوند.
لە پەیامەکەدا هاتووە، کە ئامانجی سەرەکیی رژێم لەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و جێبەجێکردنی سیاسەتی "زەوی سووتاو" و شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو، بەڵام مەسعود بارزانی جەخت دەکاتەوە کە ئیرادەی گەل بۆ مانەوە و ئازادی سەرکەوت و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون کە رووخان و بوونە پەندی رۆژگار.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، مەسعود بارزانی وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان، گەرمیان، بارزان و تێکرای شەهیدانی رێگەی ئازادی، دووبارەی کردەوە کە دەبێت دەوڵەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی لە ئاست قەرەبووکردنەوەی قوربانییان جێبەجێ بکات.
PM:03:06:25/08/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت