سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ عەلی زەیدی: دەستگیرکردنی سەرکردەکانی حەشد دووبارە مەکەرەوە


وێستگەنیوز-

شەفەق نیوز لەزاری سەرچاوەیەکەوە پەردەی لەسەر نهێنییەکانی کۆبوونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لادا، کە تێیدا مەلەفی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و دیاریکردنی نوێنەری نوێی رێبەری باڵای ئێران لە عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، کۆبوونەوەکە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە ماڵی هەمام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و رێبەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەچووە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پەرەسەندنە ئەمنییەکان و ئەو دەستگیرکردنانەی کە چەند سەرکردەیەکی دەستەی حەشدی شەعبی گرتووەتەوە.

لە زانیارییەکانی شەفەق نیوزدا هاتووە، کە لە کۆبوونەوەکەدا رێبەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بەو شێوازە دەربڕیوە کە بۆ دەستگیرکردنی فەرماندەکانی حەشد بەکارهاتووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەستگیرکردنی هەر داواکراوێک لەناو حەشد پێویستی بە جوڵاندنی هێزی سەربازی نییە، بەڵکو دەکرێت لە رێگەی ئاگادارکردنەوەی فەرمییەوە بێت بۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادگا، هەروەها داوایان لە سەرۆک وەزیران کردووە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی کە وەک "ئیستفزاز" ناویان بردووە.

هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە ناساندنی موحسین قوممی، نوێنەری نوێی رێبەری باڵای ئێران لە عێراق، قوممی کە لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران سەردانی بەغدای کردووە، رێبەرانی چوارچێوەی ئاگادارکردووەتەوە کە هەمام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی وەک "ئەڵقەی پەیوەندی" نوێی نێوان ئێران و عێراق دیاریکراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە نوێنەری رێبەری ئێران تەنها لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووە و دوای ناساندنی خۆی وەک نوێنەری فەرمی، شوێنەکەی جێهێشتووە. هۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەشی بۆ بەغدا بۆ ئەو بارودۆخە ئەمنییانە گەڕاندووەتەوە کە لە ماوەی رابردوودا ئێران پێیدا تێپەڕیوە.


PM:02:11:25/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت