کەی ئەم گەرما و شێیە کۆتایی دێت؟ وادەی شکانی پلەکانی گەرما ئاشکرا کرا
وێستگەنیوز-
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە بارستە هەوایەکی فێنک لە ئەورووپاوە ڕوو لە ناوچەکە دەکات و دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بارانبارین لە چەند ناوچەیەک.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، بڵاویکردەوە، هەرچەندە بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو گەرما و شێی بێزارکەر بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوودەدات.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایە، لە ڕۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، بارستە هەوایەکی فێنک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاوە بە ئاراستەی تورکیا و هەرێمی کوردستان دەست بە جووڵە دەکات.
ئەم بارستە هەوایە سەرەتا کاریگەرییەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە بارانی زۆر و سەرما دەردەکەوێت.
لەبارەی کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئاراس جەبار ڕوونی کردووەتەوە: پلەکانی گەرما بە ڕێژەیەکی باش نزمدەبنەوە، بەتایبەت لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە 28 و 29ـی مانگ ئەگەری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکاندا هەیە، کە لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەکەی مامناوەند دەبێت.
ئەو شارەزایە جەختیشی کردووەتەوە لەوەی دوای ئەم شەپۆلە، پلەکانی گەرما بە گشتی نزمتر دەبنەوە و کاریگەری بارستە هەوا فێنکەکە لەسەر ناوچەکە زیاتر دەبێت، بەوەش کۆتایی بەو شەپۆلە گەرمایە دێت کە ماوەیەکە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
AM:11:06:25/08/2026
ئهم بابهته 452
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت