بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە شێخان دەستپێدەکاتەوە


وێستگەنیوز-

کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی ڕایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە خێرایی ڕووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 40,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هاوکات ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتیش تا ساڵی 2027 درێژکراوەتەوە.


کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی، دەستپێکردنەوە و گەشەکردنی کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند.

بەپێی ئامارە نوێیەکانی کۆمپانیاکە، قەبارەی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی 40,000 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بازدانێکی گەورەیە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 کە تێیدا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 14,600 بەرمیل دابەزیبوو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ڕێککەوتنە کاتییەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لە نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە درێژکراوەتەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگەیە تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی دۆخی پیشەسازی نەوت و دابینکردنی شایستە داراییەکان دەبینرێت.


AM:10:51:25/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت