سەرچاوەیەک بۆ میدیای پارتی: کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بەکار کردەوە و نرخی بەنزین دادەبەزێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئابی 2026، میدیای پارتی بڵاویکردەوە، کە سەرجەم کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان لە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرزانبوونی نرخی بەنزین دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستیان بە دەرهێنان و ناردنی نەوتی خاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی رێژەی بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، ئاماژە بەوەش کراوە کە راوەستانی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە لە ماوەی رابردوودا، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخی بەنزین بووە.

لەبارەی میکانیزمی کارکردنەکەیانەوە، سەرچاوەکە روونی کردووەتەوە کە کۆمپانیا جیهانییەکان لە جیاتی پارەی نەختینە، بڕێک نەوتی خاو وەک "شایستەی عەینی" لە حکومەت وەردەگرن، دواتر کۆمپانیاکانیش بەشێک لەو نەوتە بە پاڵاوگە و بازرگانە ناوخۆییەکانی هەرێم دەفرۆشن بۆ ئەوەی بکرێتە بەنزین و لە بازاڕەکاندا دابەش بکرێت.

ئەو سەرچاوە حکومییە جەختی کردووەتەوە، کە دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئەم کۆمپانیایانە و دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان، دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی کورتهێنانی سوتەمەنی و لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکانی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ هاوڵاتییان دادەبەزێت.


PM:02:25:24/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت