محه‌مه‌د ئه‌مین: دوو ملیۆن دینار غه‌رامه‌م دا، به‌ڵام له‌و به‌رگریكردنه په‌شیمان نیم
وێستگه‌نیوز –
محه‌مه‌د ئه‌مین، ئه‌و جوتیاره كورده‌ی له‌لایه‌ن سه‌ربازێكی سوپای عیراقه‌وه له گوندی شه‌ناغه له قه‌زای دوبزی سه‌ر به شاری كه‌ركوك ملپێچه‌كه‌ی ملی راكێشرا و هه‌وڵدرا تراكتۆره‌كه‌ی لێبسه‌نرێت، رایگه‌یاند كه دوو ملیۆن دینار غه‌رامه‌ی داوه، ده‌شڵێت: "له‌و به‌رگریكردنه په‌شیمان نیم".
به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه 17ی شوباتی 2025، له‌دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له جوتیارانی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له پارێزگای كه‌ركوك چوونه‌وه سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان، هێزێكی سوپای عێراق به ژماره‌یه‌ك سه‌رباز و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییه‌وه هه‌ڵیانكوتایه سه‌ریان و سه‌ربازێكی عێراقی په‌لاماری محه‌مه‌د ئه‌مین جوتیاری كوردی دا و ملپێچه‌كه‌ی ملی راكێشا و هه‌وڵدرا تراكتۆره‌كه‌ی لێبسه‌نرێت.
له كاردانه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه سه‌ربازه‌كه و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك به‌جیا له دادگا سكاڵایان تۆمار كرد و داوای پێ بژاردنیان كرد.
ئه‌مڕۆش دادگای كه‌ركوك دوای 30 دانیشتن دۆسیه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربازه‌كه و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان یه‌كلاكرده‌وه و بڕیاری پێ بژاردنی بۆ جوتیاره كورده‌كه ده‌ركرد و به پێدانی دوو ملیۆن دینار سزای دا.
له لێدوانێكدا بۆ میدیاكان، محه‌مه‌د ئه‌مین وتی: "ئه‌و كاته‌ی له‌سه‌ر تراكتۆرهكهم بووم، ئه‌و سه‌ربازه كه ناوی كه‌ڕاڕ شاكیره په‌لاماری دام و هه‌وڵیدا بمخنكێنێت".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌م خۆی و هه‌م فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك سكاڵایان له دژم تۆماركرد".
وتیشی: "دوای 30 دانیشتنی هه‌ردوو كه‌یسه‌كه، ئه‌مڕۆ دادگا منی تاوانبار كرد و بڕیاری غهرامهكردنمی دا به‌بڕی یه‌ك ملیۆن دینار بۆ هه‌ر كه‌یسێك، هاوكات دادگا مافی دا به‌و سه‌ربازه و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركوك تا سكاڵای ترم له‌سه‌ر تۆمار بكه‌ن تا قه‌ره‌بوویان پێبده‌م".
ئه‌و جوتیاره كورده راشیگه‌یاند كه "له‌و كه‌یسه خۆم به بێ‌تاوان ده‌زانم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رگریم له خاكه‌كه‌م و خه‌ڵكی خۆمان كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بم له به‌رگریكردن له‌و كه‌یسه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌یسێكی ره‌وایه و ئاماده‌ش نیم سازش بكه‌م بۆیه غهرامهكهم دا و په‌شیمانیش نیم".
PM:08:45:23/08/2026
ئه‌م بابه‌ته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت