دادگای فیدراڵی داوای ته‌یف سامی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ عێراقی‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ره‌تكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز - 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، له‌ میانی دانیشتنی چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوودا چوار داوای یاسایی وه‌زیری دارایی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ عێراقی‌ كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرابوون، به‌هۆی «نه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندی» (عدم الاختصاص) ره‌تكرده‌وه‌.


له‌ دانیشتنی رۆژی 19ی ئابی 2026دا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، داوایه‌كی ته‌یف سامی وه‌زیری پێشووی دارایی عێراقی (ژماره‌ 127/ فیدراڵی /2026) دژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی «نه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندی» (عدم الاختصاص) ره‌تكرده‌وه‌.

هاوكات داوای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای بیمه‌ی نیشتمانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی رافیده‌ین و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ره‌شیدی‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و وه‌زیرانی‌ داد، دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌تكرده‌وه‌ به‌هۆی «نه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندی» (عدم الاختصاص).

داواكه‌ی وه‌زیری پێشووی دارایی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای بیمه‌ی نیشتمانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ڕافیده‌ین و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ره‌شید، تایبه‌ت بوو به‌ داواكردنی بڕیاری دادگا بۆ ناده‌ستووریبوونی بڕیاری ژماره‌ (3326 له‌ 24ی تشرینی دووه‌می 1992)، ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ و موڵكه‌ حكومییه‌كان به‌ ناوی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر به‌ ناوی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ تۆمار بوون.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی، كه‌یسی تۆماركردنی ئه‌و موڵكانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیی دادگاكه‌دا نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ داواكه‌ی وه‌زیری‌ دارایی و به‌رپرسانی‌ تری‌ باڵای‌ عێراق له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی ره‌تكرایه‌وه‌.



AM:11:22:22/08/2026










ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو