وەزیری پەروەردە: ئەمساڵ ٢٠ ملیۆن کتێب چاپ دەکرێن و خوێندنی دیجیتاڵیش دەستپێدەکات
وێستگەنیوز-
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ 20 ملیۆن کتێبی خوێندن چاپ دەکرێن و لە چەندین ناوەندیش پڕۆسەی خوێندن بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ شەممە 22ی ئابی 2026، د.ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بۆ میدیای رووداو ئاماژەی بەوە کرد، 32 باڵەخانەی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەکراون، وتیشی: "لەرووی تەکنیکی و زانستییەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی ئامادەین، بەڵام بەهۆی توانای داراییەوە ناتوانین تابلێت بۆ هەموو قوتابییان دابین بکەین"، ئاشکراشی کرد کە داوایان کردبوو ئەو تابلێتانەی بۆ سەرژمێری بەکارهێنراون بدرێنە وەزارەت، بەڵام بەشێکیان وەک دیاری دراونەتە وڵاتی ئوردن.
سەبارەت بە راهێنانی ستافی خوێندن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، لە 1 تاوەکو 19ی ئەیلوول خولی راهێنان بۆ مامۆستایان بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا لەسەر پلاتفۆرمی قوتابخانە، ژینگەی خوێندن و مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ راهێنانیان پێدەکرێت.
وەزیری پەروەردە چەند ئامارێکی گرنگی لەبارەی کەرتی پەروەردە لە کابینەی نۆیەم خستەڕوو:
دامەزراندنی 5088 مامۆستای گرێبەست بە شێوەی هەمیشەیی.
رێکخستنەوەی میلاکات لە 32 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە.
خانەنشینبوونی 12000 مامۆستا و فەرمانبەر لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا.
دروستکردنی 274 قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی 3000 قوتابخانەی دیکە.
ژمارەی قوتابیان لە قوتابخانە حکومییەکان گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 570 هەزار قوتابی.
لەبارەی پڕکردنەوەی شوێنی مامۆستا خانەنشینەکان، ئالان حەمەسەعید گەشبینی خۆی دەربڕی کە پڕۆسەی (لەجێگەدانان) دەستپێبکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر 1010 مامۆستا بەو شێوەیە دەستبەکاربوون و ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن بۆ کاراکردنەوەی، هەروەها سەبارەت بە گواستنەوەی مامۆستایانی گرێبەست وتی، هەر مامۆستایەک جێگرەوەی هەبێت دەتوانێت داوای گواستنەوە بکات.
AM:09:11:22/08/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت