لە هەڵەبجە هەفتەی داهاتوو چاوپێکەوتن بۆ دامەزراندنی 250 کەس دەستپێدەکات


وێستگەنیوز –

پڕۆسەی دامەزراندنی 250 کەس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەچێتە قۆناغی کۆتایی و هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئەنجومەنی ڕاژە دەست بە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان دەکات.


سەرچاوەیەک لە لیژنەی باڵای دامەزراندن لە هەڵەبجە بڵاویکردەوە، پاش دوو مانگ لە وردبینیکردنی فۆڕمی نزیکەی 9,600 داواکار، ناوی 500 بۆ 600 کەس بەپێی سیستەمی خاڵبەندی جیاکراوەتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئەنجومەنی ڕاژە سەردانی پارێزگاکە بکات بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کاندیدانە، وەک دوا قۆناغ بۆ دیاریکردنی 250 کەسەکە.

بەپێی ڕێنماییەکان، سیستەمی خاڵبەندی بۆ دەستنیشانکردنی ناوەکان بەم شێوەیە بووە:

دکتۆرا 4 خاڵ، ماستەر 3 خاڵ، بەکالۆریۆس 2 خاڵ، دیپلۆم 1 خاڵ.

پڕۆسەکە دەرچووانی ساڵی 2010 بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون 1 خاڵ هەژمار کراوە.

نمرەی 50 بۆ 60 (1 خاڵ) و نمرەی 90 بۆ 100 (5 خاڵ)ـی بۆ تەرخان کراوە.
بۆ کەسوکاری شەهیدان 4 خاڵ دیاریکراوە.

لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا 4 خاڵ لەسەر ئاستی زانیاری و توانای کاندیدەکە دادەنرێت.

بڕیارە دوای تەواوبوونی چاوپێکەوتنەکان، بە فەرمی ناوی کۆتایی ئەو 250 کەسەی کە دادەمەزرێن لە میدیاکانەوە بڵاوبکرێتەوە.


PM:11:22:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو