ئاگادارییەک لە پسوولەی خۆراکی سلێمانییەوە؛ کارتی کاتیی نەوت ڕاگیرا و پێویستە هاوڵاتیان ئەم ڕێکارانە بگرنەبەر
وێستگەنیوز –
بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکی سلێمانی کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ خاوەن کارتی کاتیی نەوت و ئەو خێزانانە بڵاوکردەوە کە فۆڕمی خۆراکیان لە نێوان بنکەکان و پارێزگاکاندا گواستووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکی سلێمانی ئاگادارییەکی نوێی ئاراستەی هاوڵاتیان کرد سەبارەت بە مامەڵەکانی دروستکردن و گۆڕینی کارتی زیرەکی نەوت و گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و ڕایگەیاند، کارتی کاتی ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم ئاگادارییە ئەم توێژانە دەگرێتەوە:
ئەو کەسانەی بەم دواییانە هاوسەرگیرییان کردووە یان گواستنەوەی بایەعییان لە نێوان بنکەکانی ناو شاری سلێمانیدا کردووە، دەبێت سەردانی بەشی سووتەمەنی کارت و کۆبۆن بکەن.
ئەو هاوڵاتیانەی کارتی کاتیی نەوتیان هەیە و ئێستا ژمارە فۆڕمیان لە ئەپڵیکەیشنی خۆراکدا بۆ دروست بووە، پێویستە سەردان بکەن بۆ هەمیشەییکردنی کارتەکانیان، چونکە کارتی کاتی ڕاگیراوە و کاری پێناکرێت.
ئەو کەسانەی فۆڕمی خۆراکیان لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ سلێمانی گواستووەتەوە، پێویستە سەردان بکەن بۆ چاککردن یان دروستکردنی کارت، چونکە کارتە کۆنەکانیان پەکخراوە.
بەڵگەنامە پێویستەکان:
بۆ هەمیشەییکردنی کارتی کاتی: کۆپیی زانیارییەکانی بەرنامەی خۆراک، کۆپیی فۆڕمی خۆراکی ماڵی باوکی کوڕەکە ساڵانی 2020-2022، کۆپیی کارتی نیشتمانیی کوڕەکە، لەگەڵ کارتی زیرەکی کاتیی نەوت.
بۆ گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک: کۆپیی بەرنامەی خۆراک، کۆپیی کارتی نیشتمانی، لەگەڵ کارتی زیرەکی کۆنی نەوت.
هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە، لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تا 3ـی دوای نیوەڕۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن لە سلێمانی - گەڕەکی چوارچرای نوێ - خوار مزگەوتی خێرخوازان.
PM:05:28:20/08/2026
ئهم بابهته 856
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت