وتەبێژی نەوەی نوێ: پێکهێنانی حکومەت لای ئێمە وەک هاوسەرگیری لێ هاتووە


وێستگەنیوز-

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رەخنەی توند لە شێوازی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەگرێت و رایدەگەیەنێت، پرۆسەکە لای کاندیدی سەرۆک وەزیران وەک "هاوسەرگیری" لێهاتووە و لە جیاتی خۆی کەسانی دیکە بۆ لای لایەنەکان دەنێرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا رەخنەی لە کاندیدی راسپێردراو گرت و رایگەیاند، هەرچەندە ئەو کەسەی باس دەکرێت هێشتا لای نەوەی نوێ وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران ناناسرێت، بەڵام لە هەموو جیهاندا کاتێک کەسێک خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات، دەبێت خۆی سەردانی لایەنە براوەکان بکات و بەرنامەی کاری خۆی بخاتەروو بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بدەن.

وتەبێژی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی کاندیدەکە خۆی بچێت و بەرنامەکەی بخاتەروو، کەسانی دیکە دەنێرێت و هیچ پلانێکی روونی نییە، وتیشی: "لە وڵاتانی دیموکراسی، گفتوگۆ لەسەر پلان و بەرنامەی 4 ساڵی داهاتوو دەکرێت نەک بە قسەی کوڕی باشی و دەستی دۆستایەتی".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیمداد شاهین داوای لە کاندیدی راسپێردراو کرد کە بەرنامەی کاری خۆی رابگەیەنێت تاوەکو لایەنەکان بزانن لەسەر چی گفتوگۆ دەکەن، جەختیشی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە بەرنامەی سیاسی و ئابووری هەیە نەک تەنها دروشمی بێ ناوەڕۆک.


PM:02:14:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو