مەسرور بارزانی: دەیانەوێت هەرێمی کوردستان رابکێشنە ناو ململانێیەک کە ئێمە دژی وەستاوینەتەوە
وێستگەنیوز-
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی "ئەلمۆنیتەر" رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دروست نەکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشە بەردەوامەکان تەنها بۆ ترساندنی هەرێمە و دەیانەوێت کوردستان رابکێشنە ناو ململانێیەک کە لایەنی کوردی بە توندی دژایەتی دەکات.
سەبارەت بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەنها لەلای ئێران هەن، بۆ هێرشکردنە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنرێن، بۆیە پێویستە بەرپرسانی ئێران خۆیان لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن ئەو چەکانە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم بەکاردێن لە کاتێکدا ئەوان بەرپرسیارێتییەکەی رەتدەکەنەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم نیگەرانی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و راهێنانی ئەمریکا و گواستنەوەی سیستەمی بەرگری پاتریۆت دەربڕی و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە و پێویستی بە بنیادنانی توانا بەرگرییەکان و بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانییە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی، وتیشی: "هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین و دڵسۆزترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە سەرکردەیەکی راستگۆ و دۆست وەسف کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەو لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چەسپاندنی سەروەری یاسا و چەکداماڵینی میلیشیاکان دەربڕی، هیوایشی خواست گرووپە چەکدارەکان پێش وادەی 30ی ئەیلول کە لەلایەن زەیدییەوە دیاریکراوە، پابەندی چەکداماڵین بن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەش کرد کە پێویستە عێراقییەکان بەرژەوەندی نیشتمانی و ئاسایشی وڵاتەکەیان لەپێشینە دابنێن و رێگە نەدەن ململانێکانی ئێران کاریگەرییان لەسەر دروست بکات، هاوکات پاڵپشتی خۆی بۆ ئیدارەی ترەمپ و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا دووپات کردەوە.
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆی هەرێم، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکات تا بێن و بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمدا بکەن، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی باڵای خەڵکدایە، راشیگەیاند کە هەرچەندە پاڵپشتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن، بەڵام هیوادارن ئەو کشانەوەیە نەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
AM:08:50:20/08/2026
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت