ئێوارەی ئەمڕۆ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبنەوە
وێستگەنیوز-
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری) کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیەی هەستیار و مەترسیدار لە وڵاتدا ئەنجام دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بە بەشداری نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەڕێوە دەچێت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دۆسیەی قۆرغکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 30ی ئەیلوول کە وەک دوایین مۆڵەت بۆ داماڵینی چەکی گروپەکان دیاریکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق و ئەمریکا لە سێپتێمبەری 2024 رێککەوتوون لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بەردەوامبوونە لە هەڵمەتی "سۆڵەی فەجر" بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەرۆکایەتییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هیچ هێڵێکی سوور لەبەردەم راوەدونانی تۆمەتبارانی گەندەڵی نییە، هەر پلە و پێگەیەکی سیاسی یان حکومییان هەبێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی.
لەسەر ئاستی ئابووری، کۆبوونەوەکە تاوتوێی ئەو قەیرانە داراییە مەترسیدارە دەکات کە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دروستبووە، ئەم قەیرانە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕ و بووەتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی تەمووزی رابردوو.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێشنیازی کردووە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی چەکی گروپەکان جیا بکرێتەوە، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا بژاردەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانەی رەتیدەکەنەوە چەک دابماڵن، تاوتوێ بکرێن.
PM:01:28:17/08/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت