لایەنە سیاسییەکان لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا: یەکڕیزی نێوماڵی کورد بپارێزرێت


وێستگەنیوز-

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەشێک لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان لە یەکڕیزی و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێم کردەوە.


سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە پەیامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت، داواشی کرد کە سەرکردایەتی پارتی پرۆسەی ئاشتەوایی و دامودەزگا شەرعییە نیشتمانییەکان کارا بکەنەوە و ناوماڵی کوردستانی و عێراقی رێکبخەنەوە تا هەرێم لە بەڵای نەخوازراو بەدوور بێت.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرۆزبایینامەیەکدا ئومێدی خواستووە کە خەباتی هەموو لایەک ئامانجە نەتەوەیی و دیموکراسییەکان بکاتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخی ئێستا، یەکێتی جەختی کردووەتەوە کە پێویستە "بەرپەرسیارانە رێڕەوی ئەزموونەکەمان راست بکرێتەوە".

حزبی شیوعی کوردستان لە بروسکەیەکدا رایگەیاند، پارتی وەک هێزێکی سەرەکی ئەرکێکی مێژوویی گەورەی لەسەر شانە بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، حزبی شیوعی داوای کردووە کە هەمووان بە گیانێکی نیشتمانییەوە کار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار بکەن کە خواستەکانی هاووڵاتییان بەدی بهێنێت.

ئەم پەیامانە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 16ی ئابی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی خۆی و یادی لەدایکبوونی مەسعود بارزانی دەکاتەوە.


PM:03:29:16/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت