هیمداد شاهین: 46 جار پارتی پەیوەندییان پێوە کردووین و داوایان کردووە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین
وێستگەنیوز-
هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە وەڵامێکی توونددا بۆ لێدوانەکانی عەلی حسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی، زانیاری نوێی لەسەر هەوڵەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پارتی دەیان جار پەیوەندی بە جوڵانەوەکەیانەوە کردووە.
هیمداد شاهین رایگەیاند، لە دوای هەڵبژاردنی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە، پارتی 46 جار پەیوەندی تەلەفۆنی بە نەوەی نوێوە کردووە و 18 جاریش وەفدی ناردووەتە سەردانیان، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەفدەکان لە کەسانی باڵای وەک وشیار زێباری و پشتیوان سادق و بەرپرسانی دیکە پێکهاتوون.
وتەبێژی نەوەی نوێ ئاشکرای کرد، لە تەواوی ئەو پەیوەندی و سەردانانەدا یەک وەڵامیان بۆ پارتی هەبووە، ئەویش ئەوە بووە کە "ناکرێت مەسرور بارزانی ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت" و جوڵانەوەکە داوای پۆستی سەرۆک وەزیرانی کردووە.
هیمداد شاهین ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی چەندین جار پێشنیاری ئەوەی کردووە کە بەبێ بەشداری یەکێتی حکومەت پێکبهێنن، بەڵام جوڵانەوەکە ئەوەی رەتکردووەتەوە، وتیشی: "دوو هەفتە پێش ئێستاش پشتیوان سادق پەیوەندی کردووە بۆ دانیشتن، بەڵام رەتمانکردووەتەوە بەبێ یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەک بکەین، چونکە هاوپەیمانێتییەک لە نێوانماندا هەیە و دەبێت پێکەوە دابنیشین".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وتەبێژی نەوەی نوێ هۆشداری دایە پارتی و رایگەیاند، چوونە ناو حکومەت بۆ ئەوان مەبەست نییە و "ئەو سەردەمەش گوزەشت کە پارتی هەموو پۆستە باڵاکان بۆ خۆی بەرێتەوە".
PM:03:28:16/08/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت