نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە یادی 80 ساڵەی پارتیدا: گەرەنتی پاراستنی قەوارەی هەرێمین


وێستگەنیوز-

هەردوو جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، بەبۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و 16ی ئابەوە، دوو پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری هەرێم کردەوە.


مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی لە مەسعود بارزانی، پێشمەرگە و لایەنگرانی حزبەکەی کرد و رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەسەر دەستی مستەفا بارزانی دامەزراوە، یەکێکە لە پڕشنگدارترین یادەکانی مێژووی گەلەکەمان.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و مەسعود بارزانی جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستان و گەرەنتی پاراستن و پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیری قەوارەی دەستووری هەرێمن، هەروەها وەک "ئەندازیاری بووژانەوە و بونیاتنانەوە و پێشکەوتنی کوردستان" وەسفی کردن.

لەلایەکی دیکەوە، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، پارتی 80 ساڵ لەمەوبەر وەک پێویستییەکی مێژوویی لە هەناوی خەونەکانی گەلی کوردستانەوە لەدایکبوو، جەختیشی کردەوە کە پارتی وەک پێشەنگ و داینەمۆی پتەوکردنی تەبایی و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، کە بۆ پاراستنی کاروانی دەستکەوتەکان، پێویستە بەردەوام خۆیان لەگەڵ گیانی سەردەم نوێ بکەنەوە و وتی: "دەبێت برەو بە دامەزراوەییبوون و پێشخستنی حوکمڕانی بدەین، تاوەکو پارتی وەک هەمیشە متمانە و گەرەنتی سەرەکی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بێت".

هەردوو جێگری سەرۆکی پارتی لە پەیامەکانیاندا یادی مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەهیدانیان بەرز نرخاند.


AM:11:15:16/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو