مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان پێ دەنێنە ٨٠ ساڵەی تەمەنیانەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو پارتە.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە، پارتی جەخت دەکاتەوە کە پابەندە بە رێبازی "مەلا مستەفا" بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکان و بنەماکانی دیموکراسی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەرکی ئێستای پارتی پاراستنی دەستکەوتەکان و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستانە لە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکە، هەروەها جەخت لەسەر بەهێزکردنی پێگەی دەستووری هەرێم، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەت وەک ئەرکێکی مێژوویی کراوەتەوە، مەکتەبی سیاسی دەستی دۆستایەتی بۆ لایەنە عێراقییەکان درێژ دەکات بۆ ئەوەی عێراق لە شەڕ و ئاژاوە دووربخرێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16ی ئابی 1946 لە شاری مەهاباد لە کۆماری کوردستان دامەزرا، یەکەم کۆنگرەی لە بەغدا بەسترا و تێیدا مەلا مستەفا بارزانی وەک سەرۆک هەڵبژێردرا، حزبەکە لەو کاتەوە تا ئێستا 14 کۆنگرەی ئەنجامداوە.
پارتی لە مێژووی خۆیدا بە چەندین وێستگەدا تێپەڕیوە، لەنموونەی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 و شۆڕشی گوڵان لە ساڵی 1976، راپەرینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992دا.
سەرۆکی پارتەکە مەسعود بارزانییە، کە لە ساڵی 1946 لە مەهاباد لەدایکبووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا پەیوەندی بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە، دوای نسکۆی 1975 و ساڵی 1979 وەک سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا، ئەو وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، سەرپەرشتی شەڕی داعشی کردووە، هەروەها لە ساڵی 2017دا ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجامدا.
لە ئێستادا پارتی لەلایەن مەسعود بارزانی وەک سەرۆک، نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی وەک جێگری دووەمی سەرۆک بەڕێوەدەچێت، حزبەکە خاوەنی 26 لقی رێکخستنە لە ناوخۆ و دەرەوە.
AM:10:02:16/08/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت