دژەتیرۆر چەکدارێکی داعشی لە سلێمانی دەستگیرکرد


وێستگەنیوز ـ

هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر (CTG)، تیرۆرستێکی داواکراوی داعشیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد کە پێشتر لە ناو ڕێکخراوەکەدا وەک پاسەوان کاری کردووە و مووچەی وەرگرتووە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دژەتیرۆر، دوای بەدواداچوونێکی وردی هەواڵگری، توانرا تیرۆرست قوسەی محەمەد شوکر لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناو شاری سلێمانی دەستگیربکرێت.

ناوبراو کە خەڵکی بەغدایە و لەدایکبووی ساڵی 1981ـە، لە ساڵی 2014ـەوە بەیعەتی بە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش داوە.

وردەکارییەکانی چالاکی ئەم تیرۆرستە لە ناو داعشدا بەم شێوەیە بووە:

سەرەتا بۆ ماوەی 7 بۆ 8 مانگ لە بەشی مزگەوت و بانگەوازدا کاری کردووە.

دواتر وەک چەکدار و پاسەوان لە ناو ڕێکخراوەکەدا جێگیر کراوە.

مانگانە بڕی 180,000 دیناری وەک (کەفالە) لە بەرامبەر کارەکانی وەرگرتووە.

دوای تێشکانی داعش لە ناوچەکە، ئەم تیرۆرستە بۆ شاردنەوەی ڕابردوو و ناسنامەکەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێ بووە، بەڵام لەژێر چاودێری وردی هێزەکانی دژەتیرۆردا بووە و لە کۆتاییدا دەستگیرکرا و ڕادەستی یاسا کرا.



PM:09:37:15/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت