کۆمپانیای فایناڵ چێک: پەیوەندیمان بە نوسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە نییە و سکاڵا لەسەر عەلی حەمە ساڵح تۆمار دەکەین
وێستگەنیوز-
کۆمپانیای (فایناڵ چێک) وەڵامێکی توندی عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە دوورن لە راستییەوە و ئامانج لێی راکێشانی هەستی خەڵکە بۆ مەرامی سیاسی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی ئابی 2026، رەهێڵ جەلیل، پارێزەری کۆمپانیای فایناڵ چێک لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکەیان لە هەولێر و بەغدا خاوەنی مۆڵەتی فەرمییە و ساڵانە لەلایەن لیژنە حکومییەکانەوە بەهۆی بەرزی کوالێتی کارەکانیان دەستخۆشییان لێ دەکرێت، نەک وەک ئەوەی باس دەکرێت کە مۆڵەتیان نەبێت یان بلۆک کرابن.
لە وەڵامەکەدا هاتووە: "عەلی حەمە ساڵح کۆمەڵێک ژمارەی خەیاڵی باس کردووە کە نازانین لە کوێوەی هێناوە، ئەو باس لەوە دەکات بۆ فەحسی یەک قفڵ 20 دۆلار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا ئەو بڕە پارەیە بۆ پشکنینی 200 قفڵ وەگیراوە"، سەبارەت بە تەقینی تانکی غازیش، کۆمپانیاکە دەڵێت: "قسەکانی ئەو نەک تەنها لە نەزانینەوەیە، بەڵکو مەترسیداریشە، چونکە چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە کە تانکی غاز دەتەقێتەوە و ئێمە لێرەین بۆ رێگری لەو جۆرە کارەساتانە".
کۆمپانیاکە گومانی خۆی لە هۆکاری فشارەکانی عەلی حەمە ساڵح نیشاندا و رایگەیاند: "ئەگەر مەبەستی ئەوە بێت پشکی بدەینێ یان سەرانەی بۆ ببڕینەوە، ئەوا ئێمە سەرانە نادەین بە هیچ لایەن و کەسێک و ناچینە ژێر باری هیچ زەختێکەوە"، هەروەها روونیان کردەوە کە کارگەی (باوان) کارگەیەکی سەربەخۆیە و پەیوەندی بەوانەوە نییە.
لە کۆتایی وەڵامەکەدا، فایناڵ چێک چاڵێنجی عەلی حەمە ساڵح دەکات و دەڵێت: "وەرە کۆمپانیاکەمان ببینە و بزانە داهاتەکەمان چۆنە و بۆ کوێ دەچێت، ئەگەر قسەکانت راست نەبوون، دەبێت لەبەردەم راگەیاندنەکاندا داوای لێبووردن بکەیت"، هەروەها جەختیان کردەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و تۆمەتبارکردنی کۆمپانیاکە و کارمەندەکانیان، بەزووترین کات رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرنە بەر.
ئەم وەڵامدانەوەیە لەکاتێکدایە رۆژی رابردوو عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەپێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی لەسەر کۆمپانیای فایناڵ چێک بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو، ئەو کۆمپانیایە لەسەر گیرفانی خەڵک پارە پەیدادەکەن و 35 کۆمپانیایان ئیفلاس پێکردووە.
PM:01:11:13/08/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت