لە پەرلەمانی عێراق فشار بۆ زیادکردنی پشکی بەنزینی هەرێم دەستپێدەکات
وێستگەنیوز-
بۆ بنبڕکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق نوسراوێکی فەرمییان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کردووە و داوای زیادکردنی پشکی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی هەرێم دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، نوسراوەکە لەلایەن سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئامادەکراوە و تاوەکو 12ی ئابی 2026، واژۆی 169 پەرلەمانتاری لەسەر کۆکراوەتەوە، ناوەڕۆکی داواکارییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بۆ سووتەمەنی ناوخۆیی، لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکرێتەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ رێژەی دانیشتووان و پێداویستییەکانی ناوخۆ بگونجێت.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی ئابی 2026، نوسراوەکە لەلایەن فەرهاد ئەتروشی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بە فەرمی دەگەیەنرێتە دەست عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوەکو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.
لەم هەڵمەتەدا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و تەنانەت نوێنەرانی شیعە و سوننەش بەشدارن، لەو بارەیەوە سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی داواکارییەکە پەیوەندی بە ژیان و بەرژەوەندی خەڵکەوە هەیە، پشتیوانیان کردووە.
ئەم هەوڵە نوێیەی پەرلەمانتاران لەکاتێکدایە کە بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2025ی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ سووتەمەنی ناوخۆ تەرخان دەکرێت، ئەمەش وایکردووە قەیرانی بەنزین بەردەوام بێت، پەرلەمانتاران داوا دەکەن یان ئەو بڕە نەوتە زیاد بکرێت، یان حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی بەنزینی پێویست قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکاتەوە.
AM:10:51:13/08/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت