کەلار؛ تەرمی مامۆستایەک دوای ماوەیەک لە گیان لەدەستدانی لەنێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە
وێستگەنیوز-
پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی مامۆستایەک لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار دۆزراوەتەوە، کە بەهۆی ئەوەی بە تەنیا ژیاوە، پاش ماوەیەک لە گیان لەدەستدانی پێی زانراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـەی ئابی 2026، محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە ماڵێکدا لە گوندی ئەڵمانی لە قەزای کەلار، دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەڵگە و تاوان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، دەرکەوتووە ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە هاوڵاتییەکە بەناوی شکار عەبدوڵڵا حەمید لەدایکبووی 1984 و پیشەی مامۆستایە.
ڕوونیشیکردەوە: بەپێی تێکچوونی تەرمەکەی، دەردەکەوێت کە ناوبراو ماوەیەکی زۆرە گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە تەنها ژیاوە، کەس پێی نەزانیوە.
لە ئێستادا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە و هێزەکانی پۆلیس سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارین بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی ئەو مامۆستایە.
PM:08:09:12/08/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت