کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بەغدا بۆ ساڵێک نوێکرایەوە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نوێکردنەوەی رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوتی راگەیاند، کە بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بەردەوام دەبێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئابی 2026، عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کرد، ئەم نوێکردنەوەیە هاوکاتە لەگەڵ ئەو رێککەوتنە نوێیەی کە لە 1ـی ئابی 2026 لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا واژۆ کراوە، بەپێی رێککەوتنەکە، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوام دەبێت و ئاستی هەناردەش دەگاتە 750,000 بەرمیل لە رۆژێکدا.

لەلایەکی دیکەوە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە رێککەوتنە سێقۆڵییەکە نزیکەی 20 رۆژ لەمەوپێش لە شاری هەولێر واژۆ کراوە و رەوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسند بکرێت، ئەم گرێبەستە وەک پڕۆتۆکۆڵێکی کارگێڕی و یاسایی کار دەکات بۆ رێکخستنەوەی شێوازی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە کارەکانیان راگرتبوو، وردە وردە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان کردووەتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ئاداری 2023 بە بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس وەستا، بەڵام دواتر لە 27ـی ئەیلوولی 2025 و پاش رێککەوتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پڕۆسەی هەناردەکردن لەرێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.


PM:03:44:12/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو