شاسوار عەبدولواحید: پلانمان رووخاندنی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە
وێستگەنیوز-
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و رایگەیاند، تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی رەسمی لەگەڵ جوڵانەوەکەیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەدراوە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە توندی رەخنەی لە شێوازی حوکمڕانی ئێستا گرت و وتی: "حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە پێگەی کوردی زۆر لاواز کردووە، بۆیە تاکە چارەسەر رووخاندنی ئەم حکومەتەیە و پلانی ئێمەش ئەوەیە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بڕووخێنین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتی قسەکردن نەماوە و پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت.
سەبارەت بە هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی، شاسوار عەبدولواحید جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە بۆ خزمەتی خەڵک کراوە و رێگری لەوە کردووە کە پارتی هەموو پۆستە گرنگەکان بۆ خۆی بەرێت. وتیشی: "پارتی دەیەوێت هەموو کورد بکاتە قوربانی پۆستێک بۆ کەسێک، بەڵام دەبێت دان بە هاوپەیمانێتی یەکێتی و نەوەی نوێدا بنێت، چونکە بەبێ ئەوە هیچ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ناکەین."
شاسوار عەبدولواحید ئاشکراشی کرد کە یەکێتی بۆ هەر داوایەکی کۆبوونەوە لەلایەن پارتییەوە، ئەوانی ئاگادار کردووەتەوە. داواشی لە هەموو ئەو هێزانە کرد کە دەیانەوێت دۆخەکە چاک بکەن، بێنە پاڵیان بۆ رووخاندنی حکومەت.
لەکۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایەکی ئاراستەی هاوڵاتییان کرد و وتی: "داوا لە خەڵک دەکەم تا مووچە پاشەکەوتەکانیان وەرنەگرنەوە، پارەی کارەبا بە حکومەت نەدەن."
PM:03:27:10/08/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت