رێکخراوی ستۆپ: حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی شکستی هێناوە و بەنزین 30% گران بووە


وێستگەنیوز-

رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان، راپۆرتێکی نوێی لەژێر ناونیشانی "قەیرانی بەنزین لە نێوان بەڵێنەکانی حکومەت و واقیعی بازاڕدا" بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە شکستی هەوڵە فەرمییەکان بۆ جێگیرکردنی نرخەکان دەکات لە ماوەی نێوان 6ی حوزەیران تا 8ی ئابی 2026.


بەپێی راپۆرتەکە، قەیرانەکە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکرد، کاتێک نرخی لیتری نۆرمال لە هەولێر لە 900 دینارەوە بۆ 1175 دینار بەرزبووەوە، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 20ی تەمووزدا هەوڵیدا نرخەکان دیاری بکات (850 بۆ نۆرمال، 1000 بۆ موحەسەن و 1200 بۆ سوپەر)، بەڵام ئەم بڕیارە سەرکەوتوو نەبوو؛ چونکە بازرگانان رەتیانکردەوە بەو نرخە سووتەمەنی دابین بکەن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەمیی بەنزین و داخستنی بەنزینخانەکان.

راپۆرتەکە دەریخستووە کە دوای ئازادکردنی بازاڕی سووتەمەنی لە کۆتایی مانگی تەمووزدا، نرخەکان بازدانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، لە 8ی ئابدا نرخەکان بەم شێوەیە تۆمارکراون:

- بەنزینی نۆرمال: تا 1500 دینار.
- بەنزینی موحەسەن: لە نێوان 1850 بۆ 2000 دینار.
- بەنزینی سوپەر: 2500 دینار.

رێکخراوی ستۆپ چەند خاڵێکی سەرەکی وەک هۆکاری شکستی حکومەت لەم قەیرانەدا دەستنیشان دەکات:

1- دژایەتی لەگەڵ بازاڕی جیهانی: لە کاتێکدا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی 10% دابەزیوە، لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بە رێژەی زیاتر لە 30% بەرزبووەتەوە.

2- شکستی سیستەمی کارت: دابەشکردنی 40 لیتر بەنزین بە 750 دینار بۆ هەر 11 رۆژ جارێک، تەنها 20%ی پێداویستی شوفێران پڕ دەکاتەوە و ناچاریان دەکات پەنا بۆ بازاڕی ئازاد ببەن.

3- نەبوونی ستراتیژ: گۆڕینی بڕیارەکان لە کۆنتڕۆڵکردنی توندەوە بۆ ئازادکردنی رەهای بازاڕ، نیشانەی نەبوونی پلانێکی روونە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

4- جیاوازی نرخ: هەولێر و دهۆک بەرزترین نرخیان تێدا تۆمارکراوە و سوپەر 2000 دیناری تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخەکان تا رادەیەک نزمتر بوون.

چارەسەرە پێشنیارکراوەکان رێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە حکومەت لە تاقیکردنەوەی رێکخستنی نرخەکاندا سەرکەوتوو نەبووە، بۆ چارەسەری بەپەلەش، پێشنیار دەکات هەناردەکردنی بەنزین بۆ دەرەوە قەدەغە بکرێت و رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت بۆ وەرگرتنی بەنزین لە بەرامبەر رادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.


AM:10:18:09/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو